وەزارەتی دارایی عیراق رەزامەندی لەسەر ناردنی موچەی مانگی (٣)ی ئەمساڵی فەرمانبەرانی ھەرێم و جیاوازی موچەی ھەردوو مانگی (١) و (٢) دەرکردووە، کە بڕەکەی ٩٣٢ ملیار دینارەو چاوەڕوان دەکرێت سەرەتای ھەفتەی داھاتوو بگاتە ھەرێمی کوردستان.

به‌گێڕانه‌وه‌ له‌ تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی، ئیخڵاس دلێمی، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، راگەیاندووه‌، لەچەند رۆژی رابردوودا وەزارەتی دارایی عیراق رەزامەندی خەرجکردنی بڕی ٥٢٢ ملیار دیناری بۆ موچەی مانگی (٣)ی ئەمساڵی فەرمابنەرانی ھەرێم و ھەروەھا جیاوازی موچەی مانگەکانی (١) و (٢)ی ئەمساڵ دەربڕیوە.

وتیشی: “چاوەڕوان دەکرێت لە سەرەتای ھەفتەی داھاتوو ئەو پارەیە رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت”.

بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عیراق، دەبێت ئەو یاسایە لە رۆژی ١ی ١ی ٢٠١٩ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، حکومەتی عیراقیش بۆ مانگەکانی (١) و (٢)ی ئەمساڵ بۆ ھەر مانگێک بڕی ٣١٧ ملیار دیناری رەوانەی ھەرێم کردووە، بەگوێرەی یاساکەش، مانگانە ٥٢٢ ملیار دینار بۆ موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم رەوانە دەکرێت، کە لەگەڵ خەرجکردنی جیاوازی موچەی ھەردوو مانگی سەرەتای ئەمساڵیش، کۆی ئەو پارەیەی کە بەغدا رەوانەی ھەرێمی دەکات، دەکاتە ٩٣٢ ملیار دینار.