رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی تورکیا لەبارەی گشتپرسیی باشووری کوردستان رایگەیاند: “ئێمە بە گەمارۆ خەڵکی ھەرێمی باکووری عێراق (باشووری کوردستان) برسی ناکەین. ھەمیشە پشتیوانی برایانی کورد دەبین و ھیوادارین لەو ھەنگاوەیان پاشگەزببنەوە”.

 

لەبارەی حکومەتی ھەرێمی کوردستانیش گوتی: “ئەگەر ھەڵوێستی ئیدارەی باکووری عێراق بگۆڕێت وەک جاران لەپشتیان دەبین”.

 

سەرۆککۆماری تورکیا لە گوتارەکەیدا باسی دۆخی عێراق و کوردستانی کرد و گوتی: “بە ھاتنی داعش بۆ عێراق و داگیرکردنی بەشێکی زۆری خاکی ئەم وڵاتە ناوچەکە بووە سەرچاوەی کێشەکان. وێڕای ئەم قەیران و نەھامەتییانەی بەرۆکی ناوچەکەی گرتووەتەوە، دەسەڵاتدارانی باکووری عێراق ھەنگاوێکی ھەڵەیان گرتەبەر، ئەم گشتپرسییەی ھەرێمی باکووری عێراق بەپێی دەستووری عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکان شەرعییەتی نییە، وێڕای ئەمەش سووربوون لە ئەنجامدانی کێشەیەکی دیکەیە”.

 

ھەروەھا گوتی: “تورکیا ھەموو ھەوڵ و تواناکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئاسایش و سەقامگیری و ئاشتەوایی و خۆشگوزەرانی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق، بەڵام دڵگران و نیگەرانین بەوەی بەرپرسانی ھەرێمی باکووری عێراق بەرەو تێکدانی ھەنگاویان ناوە”.

 

سەرەڕای ئەوەش گوتی: “کێشەیەکی دیکە لێرە سەرھەڵدەدات، ئەویش ئەم ھەنگاوە سوودی بۆ کام لایەن دەبێت، چونکە روون و ئاشکرایە دەرەنجامی ئەم پرسە سوودی بۆ کورد، عەرەب، تورکمان و پێکھاتەکانی دیکەش نابێت”.

 

ئەردۆغان ھەر پەیوەست بە گشتپرسیی کوردستان گوتی: “وڵاتان لەم دۆخە ھەستیارەدا بە چڕی ھەوڵ بۆ پارێزگاریکردن لە خاک و سنوورەکانیان دەدەن، کەچی ھەرێمی باکووری عێراق ھەوڵی راگەیاندنی سەربەخۆیی دەدات، وادیارە بووەتە بەشێک لە بووکەڵەی سیناریۆ کارپێکراوەکان، ئەگینا ھیچ مانایەکی دیکەی نییە”.

 

گوتیشی: “ئێمە و عێراق و وڵاتانی ھەرێمیش بەتایبەتی تورکیا بەھیچ شێوەیەک چاوپۆشی لە ھەڵکەندنی چاڵی دووبەرەکی و قەیران لەسەر سنوورەکانمان ناکەین. ھەروەھا بەھیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین لەسەر شاری کەرکووک ھەڕەشەمان لێبکرێت کە بەپێی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شارێکی جێناکۆک و بەلای ئێمەش شارێکی تورکمانییە. بەدڵنیاییەوە حیسابی ئەمەشیان لێ دەپرسین. ناکرێت مافی کورد لە ھەولێر بدەیت و چاوپۆشی لە مافی عەرەب لە موسڵ و مافی تورکمان لە کەرکووک بکەیت”.

 

لەبارەی ئەگەری سەپاندنی گەمارۆی ئابووریش ئەردۆغان گوتی: “دەسەڵاتدارانی ھەرێمی باکووری عێراق کە چاوەڕوانی پشتیوانی وڵاتێکن و بوێرییان بەخۆیان داوە رووبەڕووی تورکیا ببنەوە، گومانی تێدانییە لە کۆتاییدا شکست دەھێنن. ھیچ کەسێک بۆی نییە ملیۆنان کەس لە ناوچەکەدا گۆشەگیر و برسی بکات بەھۆی گەمارۆوە. لەکاتێکدا ھەموو لایەک درک بەوە دەکەن خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بە پێکەوەژیان دەستەبەر دەکرێت و بە گرتنەبەری سیاسەتی جوداخوازی گەورەترین خیانەت لە گەلەکەی خۆی دەکات”.

 

ناردنی په‌یام

 

ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا بە ناڕاستەوخۆ پەیامی ئاراستەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرد و گوتی: “ئەو بڕیارە کە بەھۆی مکوڕی تاکەکەسی و نیگەرانی مانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات ئەنجامدراوە، ئومێدەوارم بەزووترین کات لێی پاشگەزببێتەوە. لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بە بایەخەوە نەبوونی پشتیوانی بۆ ئەم پرسە بە ھەڵوێستی دروست دەزانم”.

 

تورکیا لەم چوارچێوەیەدا لەگەڵ عێراق و ئێران ھەنگاوی جیاوازیان ناوە. پشتیوانیکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ھەنگاوەکانمان مایەی خۆشحاڵییە بۆمان، بەر لەوەی کار لەکار بترازێت و بەرەو دۆخێکی خراپتر ھەنگاو نەنرێ، بە ھێمنی و لۆژیک و عەقڵەوە خوازیاری چارەسەرکردنی دۆخەکەین.

 

لە ئەگەری پاشگەزبوونەوەی سەرکردایەتیی باکووری عێراق و گرتنەبەری رێوشوێنی عەقلانیتریش، ئەوسا بەدڵنیاییەوە پشتیوانی و ھاوئاھەنگی برایانمان دەکەین لە ناوچەکەدا”.

 

رووداو – ئەنقەرە – داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

edo
Author: edo