بەرپرسێکی وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی ھەرێم رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق بە مەرج پسوڵەی خۆراک بۆ پارێزگاکانی ھەرێم دەنێرێت، دەشڵێت “داوامانکردووە بەغدا مەرجەکانی ھەڵبگرێت”.

 

نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی بارزگانی و پیشەسازی ھەرێمی کوردستان, رایگەیاند “پەیوەندیمان بە وەزارەتی بارزگانی عێراق کردووە و داوامانکردووە ئەو مەرجانە لابەرن بۆئەوەی ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان پسوڵەی خۆراکیان وەربگرن، بۆیە داوەتنامەیەکمان ئاڕاستەکردوون و بڕیارە بەمنزیکانە شاندێکی وەزارەتی بارزگانی عێراق بێنە ھەرێم بۆئەوەی ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن و مەرجەکانیش لاببرێن”.

 

لەبارەی مەرجەکان، نەوزاد ئەدھەم وتی “مەرجەکان بریتین لە وەرگرتنی بڕی ھەزار دینار لەھەر خێزانێک، ھەروەھا دابەشکردنی پسوڵەکە لەڕێگەی بریکاری خۆراکەوە بێت و ئەو ھاووڵاتیانەشی کە کارتی زانیارییان نەبێت، پسوڵەی خۆراکیان پێنەدرێت، بەڵام ئێمە بەشێک لەو مەرجانەمان رەتکردۆتەوە و داوامانکردووە گفتوگۆ بکەین تاکو بگەینە رێککەوتن”.

 

وتیشی “پسوڵەی خۆراک بۆ پارێزگاکانی ھەرێم بۆ ساڵەکانی ٢٠١٧ و ٢٠١٨ چاپکراوە و ئامادەیە و دوای لابردنی مەرجەکان بەسەر ھاووڵاتیانی کوردستاندا دابەشدەکرێت”.

بەپێی راپۆرتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم، ٤٢٦ ھەزار و ٧٩٢ خێزان لە ھەولێر و ٤٧٧ ھەزار و ٩٧٢ خێزان لە سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی راپەڕین و بەشێک لە ئیدارەی گەرمیان و ٢٤٥ ھەزار و ٦٥٥ خێزان لە پارێزگای دھۆک پسوڵەی خۆراکیان پێدەدرێت.

 

لەبارەی پێدانی پسوڵەی خۆراک بە خێزانە کوردەکانی ناوچە کوردستانییە کێشە لەسەرەکان، بەرپرسەکەی وەزارەتی بارزگانی وتی “پسوڵەی خۆراکی ئەو خێزانانە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە دابەشناکرێت”.

 

سه‌رچاوه‌: دواڕۆژ، عیسا عەبدولقەھار

edo
Author: edo