وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان رەتیدەکاتەوە، پارەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی تورکیاوە راگیرابێت و دەڵێت “کڕیارەکان راستەوخۆ پارەی ھەرێم دەدەن و ھاوڵاتیانی کوردستان دڵنیادەکەینەوە بەھیچ شێوەیەک پارەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم رانەگیراوە”.

 

ئەمڕۆ شەممە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٧، رۆژنامەی (گونەش)ی تورکی بڵاویکردەوە، کە ئەنکەرە ھەنگاو بە ھەنگاو سزاکانی بەسەر ھەرێمی کوردستان دەسەپێنێت و بڕیاریداوە تەنیا مامەڵە لەگەڵ حکومەتی عێراق بکات.

 

بەپێی ھەواڵی رۆژنامەکە، ئەنکەرە ناردنی پارەی داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستانی بۆ ھەولێر راگرتووە.

پاره‌كه‌ نه‌فه‌وتاوه‌

به‌گوێره‌ی هه‌واڵی گه‌ڕان ئۆنلاین به‌گێڕانه‌وه‌ له‌ دوارۆز، سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، رایگه‌یاندووه‌: “فرۆشتنی داھاتی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەو کۆمپانیایانە وەردەگیرێت کە نەوتەکەیان بۆ دەچێت و دواتر پارەکە دەگاتە ھەرێم”.

 

سەفین دزەیی ئاشکراشیکرد “ماوەیەکە پارەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم تەحویلی تورکیا نەکراوە تاوەکو رابگیرێت، بەڵکو کڕیارەکان راستەوخۆ پارەی نەوت دەدەنە ھەرێمی کوردستان”.

 

وتەبێژی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد “ھاوڵاتیانی کوردستان دڵنیادەکەینەوە بەھیچ شێوەیەک پارەی فرۆشتنی نەوتی ھەرێم رانەگیراوەو ئەو ھەواڵانەشی باس لەو بابەتە دەکەن راست ناکەن”.

 

سەفین دزەیی ئامادەنەبوو بۆ راگەیاندن، وردەکاری شێوازی فرۆشتن و وەرگرتنەوەی پارەی نەوت بە ھەرێمی کوردستان ئاشکرابکات.

 

تێبینی: كه‌فاله‌تی هیچ لێدوانێكی حكوومه‌ت ناكه‌ین.

به‌رێزتان ده‌توانن هه‌ر بۆچوونێكتان هه‌بێ ده‌رباره‌ی ئه‌م هه‌واڵه‌ له‌كۆمێنت بینووسن.

 

edo
Author: edo