بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی ھەرێم رایدەگەیەنێت، رۆژی ١٩ی ئەم مانگە ھەرێمی کوردستان کەشێکی ناسەقامگیر بەخۆیەوە دەبینێت پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچەکەمان بکات و بۆماوەی یەک ھەفتە بەردەوامی ھەبێت.

 

بژار ئەکرەم، بەرپرسی بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی ھەرێم بە دواڕۆژی راگەیاند، رۆژی یەکشەممە ١٩ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ ھەرێمی کوردستان کەشێکی ناسەقامگیر بەخۆیەوە دەبینێت و پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین روو لە ناوچەکانی ھەرێم بکات و بۆماوەی یەک ھەفتە بەردەوامی دەبێت.

 

وتیشی “کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست کاردەکاتەسەر ناوچەکە و ئاسمانی ھەرێم بۆ ھەوری تەواو دەگۆڕێت و بەوھۆیەوە بارانبارین لەتەواوی ناوچەکانی ھەرێم لەکاتەکانی دوای نیوەڕۆ دەبارێت”.

 

بژار ئەکرەم، ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی دووشەممە ٢٠ی ئەم مانگە سەرباری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سووریش درێژدەبێتەوە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان و رێژەی بارانبارین زیاتر دەبێت و بۆ رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەش لەگەڵ بارانبارینی بەلێزمە و ھەورە تریشقە بارستە ھەوایەکی ساردیش لە ناوەڕاستی ئەوروپا و لە باکووری ھەرێم کاردەکاتە سەر ناوچەکانی ھەرێم و پلەکانی گەرما نزمدەکاتەوە بە جۆرێک لەناوچە شاخاوییە بەرزەکان بەفر بارینیش دەبێت.

 

ناوبراو روونیشیکردەوە، ماوەی کاریگەی ئەم شەپۆلە بۆ سەر ھەرێمی کوردستان بەگوێرەی نەخشەکانی کەشوھەوا تا رۆژی دووشەممەی داھاتوو ٢٧ی تشرینی دووەم بەردەوام دەبێت و ھەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەری ئەم شەپۆلەدا دەمێنێتەوە.

 

بەرپرسی بەشی پێشبینی ئەوەشی ئاشکراکرد، پلەی گەرما روو لە نزمبوونەوەیەکی تەواو دەکات و لەھەندێ کاتیش خێرایی با زیاد دەکات بۆ سەرووی ٢٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

 

سه‌رچاوه‌: دواڕۆژ، کۆچەر عەلی

edo
Author: edo