بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆی ھەولێر بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبیلە بێ سەرەتاکان دەدات کە تائێستا تۆمار نەکراون، وتەبێژی ھاتوچۆی ئەو پارێزگایەش دەڵێت: ھەر ئۆتۆمبیلێک دەستی بەسەردا بگیرێت، دەبێتە موڵکی وەزارەتی دارایی.

 

به‌گوێره‌ی هه‌واڵی گه‌ڕان ئۆنلاین، رائید فازڵ حاجی حسێن، وتەبێژی ھاتوچۆی پارێزگای ھەولێر،  ڕاگەیاند:” بڕیاردراوە ھەر ئۆتۆمبیلێکی بێ سەرەتا کە تائێستا تۆمار نەکراون، لەھەر شوێنێک بکەونە مەفرەزەکانی ھاتوچۆ، دەستیان بەسەردا بگیرێت و وەک ھەر کاڵایەک ئەژمار دەکرێت کە بە قاچاخ ھاتبێتە ھەرێمی کوردستان.

ئه‌وشی به‌تۆڕی هه‌واڵی سلێمانی راگه‌یاندووه‌ : ئەو ئۆتۆمبیلانە لەدوای دەستبەسەرداگرتنیان، دەبنە موڵکی وەزارەتی دارایی.

وتەبێژی ھاتوچۆی ھەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی بڵاونامەی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٧ وەزارەتی ناوخۆ، ئەو ئۆتۆمبیلانەی ھیچ سەرەتایەکیان نەبووە، لەگەڵ ئۆتۆمبیلی تابلۆی ئەوروپی، تا ١ی ٥ی ٢٠١٧ داغڵبوون و مۆدێلیان لەسەروو ٢٠٠٠بێت، تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٧ مۆڵەت درایە خاوەنەکانیان بێن تۆماری بکەن.

ووتیشی: ئەوانەی تابلۆیان ئەوروپی بوو مانگێک بڕیارەکەیان بۆ درێژکرایەوەو لە ١ی ئەم مانگە وادەی تۆمارکردن بەکۆتا ھات، بەڵام لەھەولێر بەھۆی گواستنەوەی باڵەخانەی بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆ ماوەیەک دەوام راگیرابوو، تا ئێستا تۆمارکردنی ئۆتۆمبیلی تابلۆی ئەوروپی بەردەوامە.

edo
Author: edo