Fruity

میوەی سندی کە “گرێفوود”یشی پێ دەگوترێ، ھەمیشە لە بەرنامەکانی دابەزاندنی کێشی لەش و ڕێجیمدا جێی خۆی دەکاتەوە، ھۆکارەکەشی بۆ ئەو ھەموو گرنگییەیە لە پێکھاتەکەی کە دەبێتە ھۆی توانەوەی چەوریی لەش.

 

سندی بریتییە لە یەکێک لە میوە ترشەکانی لە ڕەگەزی پڕتەقاڵە و بە زۆری لە وەرزی زستاندا ھەیە، بەڵام قەبارەی گەورەترە و توێکڵێکی ئەستووری زەرد یان سەوزی ھەیە و ناوەکەی سوور یان زەردە، ڕێژەیەکی زۆر لە ئاو لە خۆ دەگرێ و چەندان سوودی سەرسووڕھێنەری بۆ جەستەی مرۆڤ ھەیە، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ ھەندێ جۆری نەخۆشی خراپە و نابێ لەو کاتانەدا بخورێ.

 

بەپێی دوایین توێژینەوەکان لەسەر سندی، دەرکەوتووە دەبێتە ھۆی سووتاندنی کالۆری و شەکر و کاربۆھیدراتی جەستە. ئەوانەی لە دوای سەرەکیترین خواردنی ڕۆژەکەیان، پەرداخێک شەربەتی سندی دەخۆنەوە، ھەرگیز تووشی قەڵەوبوون نابن و بە شێوەیەکی تەندروست کێشی جەستەیان دادەبەزێت. توێژینەوەکان دەریشی دەخەن، ھەر کەس ڕۆژی سێ کوپ شەربەتی سندی بخواتەوە، لە مانگێکدا پێنج کیلۆ دادەبەزێت.

 

لێرەدا بەرنامەیەکی دابەزینی کێش لە ڕێگەی سندییەوە دەخەینە ڕوو، بۆ ئەوانەی دەیانەوێ بە شێوەیەکی کاریگەرتر خۆیان لاواز بکەن. پێویستیشە ئەوە بگوترێ، جگە لەم ڕێگەیە، چەندان شێوازی تر ھەیە بۆ ئەوەی بتوانی کێشت دابەزێنی، ئەمەی لێرە دەیخەینە ڕوو، کە بۆ ١٢ ڕۆژ ئامادە کراوە:

 

بەیانان
– دوو ھێلکە
– یەک کووپ شەربەتی سندی.

 

نیوەڕوان
– پارچەیەک گۆشتی سوور، یان مریشک، یان ماسی.
– یەک کووپ شەربەتی سندی.
– زەڵاتە (خەیار، تەماتە، کاھوو)، یان کۆکتێلی میوە (بەڵام نابێ مۆز، ترێ، خورما و ھەنجیر بخۆی).

 

ئێواران
– پارچەیەک ماسی
– یەک کووپ شەربەتی سندی.
– سەوزەوات (توور، بیبەر، سپیناغ، کاھوو، گێزەر، بەزالیا..)
– یەک تەماتە.

Fruity٢

تێبینی

– ھەندێ خواردنی ڕووەکی ھەیە دەبێ لێیان دوور بکەویتەوە، وەک پەتاتە، کەرەوز، پیازی سپی.

– ھەرکات برسیت بوو لە دەرەوەی ژەمەکان، دەتوانی سندی یان خەیار یان کاھوو بخۆیت.

– دوای تەواوبوونی ١٢ ڕۆژەکە خۆت بکێشە، دەبینی زیاتر لە شەش کیلۆت داناوە، واتە ڕۆژی نیو کیلۆ.

– لە ھەریەک لە ژەمەکان، ئەگەر دەتوانی سندی بە شەربەت نەخۆی، ڕاستەوخۆ وەک میوە بیخۆت کە دەکاتە یەک سندی یان زیاتر و کەمتر بەپێی قەبارەی میوەکە.

– دەبێ شەربەتی ئامادەکراوی سندی نەخۆیتەوە، خۆت دەبێ بە فرێشی ئامادەی بکەیت، چونکە ئامادەکراوەکان شەکریان تێدایە.

– لە ماوەی ئەم ١٢ ڕۆژە ھەرگیز شەکر و چەوری و پێکھاتەی دانەوێڵە (گەنج، جۆ، گەنمەشامی) و پاقلەمەنییەکان نەخۆیت.

 

پێویستە ئەوەش باس بکرێ، گەرگیر چەندان سوودی تر بە تەندروستی دەگەیەنێ، دوایین ئەنجامی توێژینەوە زانستییەکان، گەیشتوونەتە ئەوەی ئەم سوودانەی خوارەوەی ھەیە:

 

– ڕزگاربوون لە قەبزی، چونکە خواردنێکە کرداری ھەرسکردن ئاسان دەکات و پەستانی سەر قۆڵۆنیش ناھێڵێ، ئەمەش بەھۆی ئەو ڕیشاڵانەی تێیدایە.

 

– چارەسەرە بۆ ترشەڵۆکیی گەدە، بەھۆی ترشی “ھیدرۆلیک” کە لە سندیدا ھەیە، دەبێتە ھۆی ڕزگاربوونی گەدە لە ھەر ترشەڵۆکییەک و تێکچوونێک.

 

– لە کاتی شڵەژان و ئارەقکردنەوەدا، پەرداخێک شەربەتی سندی ھێورت دەکاتەوە و شەوانیش ئەگەر پەرداخێک بخۆیتەوە، خەوێکی ئارامت پێ دەبەخشێ.

 

– بۆ کەمکردنەوەی کێشی لەش، سوودێکی زۆری ھەیە، ئەگەر ئەو کەسانەی ڕۆژی سندییەک لە بەیانیاندا بخۆن، یان سێ کووپ شەربەتی سندی، لە چەوری و کۆلسترۆڵ ڕزگاریان دەبێ.

 

– سەرچاوەیەکی بەھێزی دژە ئۆکسانە، لە وەرزی سەرمادا خواردنی چەند قاژێک لە میوەی سندی بە شێوەیەکی بەردەوام، لە ھەموو نەخۆشییەکانی سەرما دەتپارێزێ، تەنانەت نایەڵێ تووشی شێرپەنجەی کۆئەندامی ھەناسە ببیت، بەھۆی ئەو ڕێژە زۆرەی ڤیتامین کە تێیدایە.

 

– کۆئەندامی بەرگریی جەستە بەھێز دەکات، بۆیە بۆ ھەموو ئەندامانی خێزان گرنگە و دەبێ منداڵ و گەورە و خانمانی دووگیان بە بەردەوامی بیخۆن.

 

لە لایەکی ترەوە، گۆڤاری “ناتور ئارتست”ی ئەڵمانی، ھۆشداری دەداتە ئەو نەخۆشانەی حەبی ھێورکەرەوەی پەستانی خوێن دەخۆن، ھەرگیز لەو کاتەدا سندی (گرێفووت) نەخۆن.

 

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بێت کە گۆڤارەکە لە زانیاریی توێژینەوەیەکی پزیشکی وەری گرتووە، لەناو میوەی سندی (گرێفووت)دا مادەیەک ھەیە بە ناوی “نارنگین”، نایەڵێ حەبی ھێورکەرەوەی پەستانی خوێن کاریگەری دروست بکات، ئەمەش وا دەکات زیان بە تەندروستی نەخۆشەکە بگەیەنێت بەتایبەتی ئەگەر زۆر پێویستی بەو دەرمانە ھەبێت.

 

وەک توێژەران باسی دەکەن، خواردنەوەی پەرداخێک شەربەتی سندی، ھۆکارە بۆ ئەوەی بە تەواوی کاریگەریی حەبەکە بشێوێنێ.

ھەروەھا نابێ ئەوانەی حەبی دابەزینی کۆلسترۆل دەخۆن، میوەی سندی بخۆن، چونکە کاریگەریشی بۆ سەر تەواوی ئەو ئەودەرمانانە ھەیە.

 

سەرچاوە/ گۆڤاری ڕێجیم – وشە – کوردۆ شابان

edo
Author: edo