ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بڕیاری وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاک لە ماڵان، رەتدەکاتەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش رایدەگەیەنێت: ئەگەر حکومەتی ھەرێم بەقسەی ھەولێر بکات، بڕیاری رەتکردنەوەکە ھەموو ھەرێم دەگرێتەوە.

 

دوای ئەوەی ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر لەکۆبوونەوەی خۆیدا، وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاکی لەماڵان رەتکردەوە، لەئێستادا ئەو بابەتە ئاراستەی حکومەت کراوە بەمەبەستی جێبەجێکردنی.

 

ئازاد حەمەئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، رایگەیاند: پێویست ناکات ئێمە لەسەر ئەو بابەتە کۆببینەوە، چونکە ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەی لەسەر کردووەو رێنمایی و راسپاردەی خۆی لەوبارەیەوە ئاڕاستەی حکومەتی ھەرێم کردووە.

 

وتیشی: ئەگەر حکومەتی ھەرێم لەسەر داوای ئەو ئەنجومەنە، بڕیاری وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاک ڕەتبکاتەوە، ئەوا بڕیارەکە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

 

ئازاد حەمەئەمین وتیشی: پێش ئەوەی بڕیاری وەرگرتنی پارەی خۆڵ و خاشاکیش دەربچێت، ئەو باج و رسوماتانەی ئەنجومەنی وەزیران بە بڕیاری خۆی زیادی کرد، کاتی خۆی لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رەتکرایەوە، بەڵام حکومەت گوێی بە بڕیارەکانمان نەداو بەردەوام بوو لەسەر کارەکانی خۆی.

 

سه‌رچاوه‌: SNN – سۆران سەعید

edo
Author: edo